پیرۆزبایى هەڤاڵ مام جەلال بەبۆنەى یادى 11 ساڵەى دامەزراندنى رێکخراوى ئازادیى لاوانى کوردستان
بەرێزان سکرتێر و کادرو ئەندامانی رێکخراوی ئازادی لاوانی کوردستان
بە بۆنەی یادی یانزە ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوەکەتان، رێکخراوی ئازادی لاوانی کوردستانەوە خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە بکەم و لە رێگەی ئێوەشەوە پیرۆزبایی گەرم لە هەموو کچ و کورە لاوەکانی کوردستان بکەم ، بەو هیوایەم ئەم یادە سەرەتای وێستگەیەکی تری گەشەپێدانی رێکخراوەکەتان و تێکۆشانی نەپساوەی لاوانی کوردستان بێت بە شێوەیەکی گشتی.
لەم یادە پیرۆزەی رێکخراوەکەتاندا دەمەوێ ئەو راستییە بێنینەوە بیری خۆمان کە لاوان وەک توێژێکی چالاک و بزێو و زیندووی ووڵاتەکەمان رۆڵێکی کاریگەریان بینیوە لە خەباتی سەربەرزانەی گەلەکەمان دژی دیکتاتۆرییەت و زوڵم و زۆری داگیرکەران و ، لە سەردەمی ئەمرۆی ئازادی و دیموکراتیشدا جێپەنجەی گەنجانی ووڵات بە گەشەپێدانی بوارەکانی سیاسی و ئابووری و زانستی و رووناکبیری و کۆمەڵایەتییەوە زۆر روون و دیارە ، بۆیە گرنگیدانمان بە لاوان و پشتیوانیکردن لە خواست و خولیاکانیان بایەخێکی تایبەتی هەیەو سەرەنجام بە قازانجی گەشەپێدانی کۆمەڵگا و بنیاتنانی ووڵات و پێشخستنی دیموکراسی و پرۆسەی کرانەوە تەواو دەبێت .
خوشک و برایانی بەرێز ...لاوانی دلێرو خۆشەویست ..
ئەم سەردەمی ئازادی و رزگارییە بۆ ئێوەی لاوانی ووڵات کە سەرمایەیەکی گرنگی نەتەوەیی کوردستانن ، سەردەمێکی تازەیەو ئەوەتان لێ دەخوازێ کە ریزەکانی خۆتان باشتر یەکخەن ، بە تایبەتی کە بە هۆی باڵادەستی جیهانگیرییەوە ئەرکەکانتان گۆرانی بە سەرداهاتووە و ، دەبێت ئێوەش پلانی ژیرانەتان هەبێت بۆ سوودو کەڵک وەرگرتن لە خێروبێرەکانی ئەم جیهانگیرییەو خۆلادانیش لە زیان و لایەنە نێگەتیڤەکانی .
من لەم یادەدا ئومێدم زۆرە کە ئێوەی لاوانی ووڵات ، بە چاوکراوەیی خۆتان و بە پێشخستنی خەباتەکەتان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری خۆتان دەتوانن رۆڵێکی پێشەنگانە ببینن لە بەرگریکردن لە دەستکەوتەکان و گەشەپێدانی ووڵات و قووڵکردنەوەی کاروانی ئازادی و دیموکراسی و بەرز راگرتنی بەها رەسەنەکانی کوردەواری .
لە بۆنەی دامەزراندنی رێکخراوەکەتان دا ، جارێکی تریش ئەوەتان بۆ دووپات دەکەمەوە کە بەندە وەک هەمیشە هاوکارو پشتیوانتان دەبێت ، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی سیاسەتی راستورەوای یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا کە سیاسەتی پێشخستن و سەرخستنی گەنجان و ژنانە ، ئێوەی لاوانی کوردستانیش بتوانن شوێنی شیاوی خۆتان لە سەرکردایەتی یەکێتی دا بگرن ، دوای ئەوەی لە پۆستە باڵاکانی هەردوو پەرلەمانی کوردستان و عیراقدا توانیتان شوێنی خۆتان بکەنەوە .
لە کۆتاییشدا خۆم بە بەختیار دەبینم کە ئەم جەژنە لە ئێوەو لە هەموو لاوانی ووڵات پیرۆز بکەم و هیوای سەرکەوتنی زیاترو پێشکەوتنی زۆرترتان بۆ بخوازم .
هەر شادو سەربەرز و سەرکەوتوو بن .
برای دڵسۆزتان
مام جەلال
26/5/2010




