11 ساڵ لەمەوبەر، لە رۆژی 26/5/1999 دا لەکۆنفرانسێکى فراوان بە ئامادەبوونى بەڕێز جەنابى مام جلال و بەشدارییەکى زۆرى لاوان  دامەزراندنى رێکخراوى ئازادیى لاوانى کوردستان راگەیەندرا. وەک پرۆژەیەکى گرنگ بۆ پرسى لاوان و بەشدارى کاریگەرانەى ئەم توێژە لەپێناو خزمەت بەگەل و نیشتمان، لەرۆژگارێکى بێ ئومێد و هیوا لەم کاتەدا ڕووبەڕووى لاوان ببۆوە، لەم سەردەمەدا رێکخراو توانى ببێتە ماڵێکى پڕ لەهیواو ئومێد بۆ لاوانى کوردستان. دیارە رێکخراو و رێکخراوبوون ماناى تایبەتى خۆى هەیە بۆ ژیانى رۆژانەى سەرجەم چین و توێژەکان، چونکە بەبێ رێکخراوبوون ئامانجەکان نایەنەدى و کاریان لەسەر ناکرێت. لاوان وەک بەشێکى هەرە زیندووى کۆمەلڕ بۆ پاشەرۆژى دیموکراسى و پێشخستنى کۆمەڵ دەتوانن ڕۆڵى کاریگەر و بەرچاو ببینن و ببنە وێستگەى بەدیهێنانى خواستەکان. لەسەرەتاوە تا ئەمرۆ لەقۆناغ و پرسە جیاجیاکاندا لاوان  لەکوردستان وعێراقدا قوربانى زۆر و فیداکارى زۆرییان بەخشیوە. نەوە لەدواى نەوە بەردى بناغەى ئازادی و دیموکراسیان پتەوترکردوە، چاوەرێى زیاتر لەنەوەى ئێستا دا دەکرێت بۆ پاراستنى دەستکەوتەوکان و نیشتمان و نەتەوە بەبێ جیاوازى بەیەکسانى کچان و کوڕان لەناو کۆمەڵگەدا . پێویستە لاوانى ئەم سەردەمە لەئازادی سەردەم و دەستەکەوتەکان سوودمەندبن. رێکخراوى ئازادیى لاوانى کوردستان و سەرجەم ئەندامانیان هەر لەسەرەتای دامەزراندنەوە تا ئێستا بەگیانى لەخۆبردویەوە هەستکردن بەگیانى پێکەوەژیان و هاوکارى لەپێناو بەدیهێنانى ئامانجەکان تێکۆشاون. ساڵ بەساڵ رێکخراو توانیویەتى لەتەمەنێکى کورتدا خزمەتێکى زۆر و بەرچاو بەم توێژە بکات و باڵا بکات. بەردەوامى چالاکی یە جۆراو جۆرەکان و سازکردنى فێستیڤاڵەکان لەسەر ئاستى کوردستان و چالاکی  سەنتەرەکان و چەندین دەستکەوت و پرۆژەى بەسوود پێشکەش کراون. لاوان وەک توێژێکى گرنگ و کاریگەر لەنێو کۆمەڵدا بەردەوام دەتوانن ببنە پاڵپشت بۆ پێشکەوتنى ووڵات، دواتریش بەشدارى کاریگەریان هەبێت لەپرۆسەى ئاوەدانکردنەوەو خزمەتکردندا رۆڵى بەرچاویان هەبێت. لەم روانگەیەوە دەخوازین حکومەتى هەرێمى کوردستان گرنگى بدات بەلاوان و رێکخراوە ئەکتیڤەکانى لاوان و زەمینە خۆشکردن بۆ ئەوەى بێنە پێشەوە لەناوەندەکانى دەسەڵات دا و بەشدارییان پێ بکرێت، پەیوەندییەکى توندوتۆڵ لەنێوان حکومەت و رێکخراوەکان هەبێت و لەپرسە هەنووکەییەکاندا لاوان راوێژییان پێ بکرێت و هەوڵى جدى بدات بۆ رەخساندنى هەلى کارى زیاتر و باشتر کردنى گوزەرانى لاوان بەبوونى بەرنامەیەکى گونجاوى کارپێکردن و دامەزراندنیان.
لاوانى ئازیز:
رێکخراو خزمەتى بەرچاو و پرۆژەى بەسوودى پێشکەش بەحکومەتى هەرێمى کوردستان کردووە،  پێدانى هاوکارى بۆ لاوانى نەخۆش و یارمەتى و رەخساندنى زەمینەى هەلى کارو کردنەوەى سەنتەر و بنکەکانى رێکخراو لەخزمەتى لاواندا لەناوچە جیاجیاکان بۆ بەدیهێنانى ئارەزووەکانیان، بەردەوام ئەرکەکان زیاتر و پێگەو پانتایى کارکردن فراوانتر دەبن. لە دوو ساڵى رابردوودا بوون بەئەندامى چاودێر لەرێکخراوى لاوانى سۆسیالیست ئەنترناسیۆنال هەروا کارێکى ئاسان نەبوو بەڵکو بەدواداچوون و پەیوەندی یە بەردەوامەکان لەگەڵ رێکخراوەکانى دەرەوەى ووڵات بۆ رێکخراوبەرهەمی بوون بە ئەندامى هەمیشەیى لەرێکخراوى لاوانى سۆسیالیست ئەنترناسیۆنال بەدەست هێنا، پاشان کارە هاوبەشەکانى رێکخراو لە کارە جیاجیاکان و پێکهێنانى سندوقى پشتیوانى لاوان لەئێستادا بەرهەمى باشى دەبێت و دەچێتە قۆناغەکانى کۆتایى لەپەرلەمان و سەدان چالاکى جیاجیا بەرهەمى تەمەنى یانزە ساڵەن.
لەئێستادا رێکخراوەکەمان ئەندامى هەمیشەیى یە لەرێکخراوى لاوانى سۆسیالیست ئەنترناسیۆنال و رێکخراوێکى سەربە یەکێتى نیشتمانى کوردستانین و خاوەن پرۆژەو پرۆگرام و پەیرەوەى خۆمانین . بەخۆشیەوە دەروانینە هەنگاوە بوێرەکان و مۆدێرنەى (ى. ن. ک) سەبارەت بەسێهەمین کۆنگرەى کەدڵنیاین لاوان رۆڵى سەرەکى و بەرچاو دەبینن، چونکە لەرابردوودا سەرەتاکانی کاروانى ئەم حزبە بەلاوان بووە گەشەکردنى فراونى بەخۆوە بینیوە لەجێ بەجێ کردن و نوێ بوونەوەى ئەم حزبە.
لاوانى خۆشەویست:
لەکاتێکدا یادى 11 ساڵە دەکەینەوە کە بۆ ماوەى (5) مانگە میزانیەمان وەستاوە لە حکومەتى هەرێمى کوردستان وەرمان نەگرتووە. بەبێ هیچ بیانوویەک لەکاتێکدا چەندین یاداشتمان پێشکەش کردووە تا ئێستا وەڵاممان نادەنەوە بۆیە دەخوازین کەوا لەم یادەدا مافەکەمان بۆ بگێرنەوە بۆ ئەوەى بتوانین درێژە بەکارو چالاکیەکانمان بدەین و لە قەیرانى دارایى رێکخراوەیى رزگارمان بێت .
لەکۆتایدا داگیرساندنى مۆمى یانزە ساڵە لە لاوانی کوردستان وسەرجەم ئەندامانى رێکخراوى ئازادیى لاوانى کوردستان پیرۆزبێت.
رێکخراوى ئازادیى لاوانى کوردستان
26/5/2010
Share/Save/Bookmark